سوورەتی (زوحا) (واتە: چێشتەنگاو)
پێناسەیەكى ئەم سورەتە:
١- سورەتى (زوحا) سورەتێكى مەككى یە.
٢- ژمارەى ئایەتەكانى سورەتى (زوحا) (١١) ئایەتە.
٣- سورەتى (زوحا) زنجیرەى نەوەدو سێیەمە لە ریزبەندی لەناو سورەتەكانى قورئانى پیرۆزدا.
٤- سورەتى (زوحا) لە دواى سورەتى (فەجر) دابەزیوە.
٥- لەو سورەتانەیە كە خواى گەورە بە سوێند خواردن دەستى پێكردووە.
تەوەرەكانى ئەم سورەتە:
تەوەرەكانى ئەم سورەتە باسى كەسایەتى پێغەمبەری خوا صلى الله علیه وسلم دەكات، وە ئەو فەزڵ و بەخششە زۆرانەى كە خواى گەورە پێى بەخشیوە لە دونیاو دوارۆژدا تا سوپاسى خوا بكات لەسەر ئەو بەخششانە.
هۆى دابەزینى ئەم سوورەتە:
پێغەمبەری خوا صلى الله علیه وسلم شەوێك یان دوو شەو نەخۆش بوو هەڵنەسا بۆ شەونوێژو شەونوێژی نەكردو قورئانی نەخوێند لە شەونوێژەكەیدا, ئافرەتێك لە موشریكان هات بۆ لای و وتی: ئەی محمد صلى الله علیه وسلم دوو شەوە گوێم لە دەنگت نییە هەستی شەونوێژ بكەیت و قورئان بخوێنی وا ئەبینم كە شەیتانەكەت وازی لێ هێناویت، كە ئەیانووت: محمد صلى الله علیه وسلم تێكچووەو شەیتان دەستی لێ وەشاندووە، خوای گەورە سەرەتای ئەم سوورەتەی دابەزاند (الصحيح المُسنَد):
بِسْمِ اللَّهِ الرَّحْمَنِ الرَّحِيمِ
[ وَالضُّحَى (١) ] سوێند بێت بە چێشتەنگاو كاتێك كە خۆر بەقەدەر ڕمێك بەرز ئەبێتەوە .