{مەملەكەتی (سەبەء)} [ لَقَدْ كَانَ لِسَبَإٍ فِي مَسْكَنِهِمْ ] پرسیار له پێغه‌مبه‌ر - صلی الله علیه وسلم - كرا ئایا (سه‌به‌ء) زه‌ویه یان ئافره‌ته؟ فه‌رمووى: (نه زه‌ویه‌و نه ئافره‌ته به‌ڵكو پیاوێك بووه ده كوڕى هه‌بووه، شه‌شیان چوونه بۆ یه‌مه‌ن و چواریان چوونه بۆ شام، ئه‌وانه‌ى چوونه بۆ شام: لخم و جذام وعامله‌و غسان بوونه، وه ئه‌وانه‌ى چوونه بۆ یه‌مه‌ن كنده‌و ئه‌شعه‌ریه‌كان و أزد و مذحج و حمیر و أنمار بوونه)، واته: بنچینه‌ى هۆزه‌كانى عه‌ره‌ب له یه‌مه‌ن ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌م ده كه‌سه، وه (سه‌به‌ء) پاشا‌و هۆزێك بوونه له یه‌مه‌ن شوێنی نیشته‌جێ بوونیان (مه‌ئریب) بووه‌و نێوان (مه‌ئریب و صه‌نعا) سێ قۆناغ بووه، ئێستا ناوچه‌یه‌كه له یه‌مه‌ن [ آيَةٌ جَنَّتَانِ عَنْ يَمِينٍ وَشِمَالٍ ] ئه‌میش نیشانه‌و به‌ڵگه‌ی ده‌سه‌ڵات و توانای خوای گه‌وره بووه كه دوو باخیان هه‌بووه له‌لای ڕاست و له‌لای چه‌پیانه‌وه كه جۆره‌ها به‌رووبوومی هه‌بووه [ كُلُوا مِنْ رِزْقِ رَبِّكُمْ وَاشْكُرُوا لَهُ ] خوای گه‌وره ئه‌فه‌رمووێ: بخۆن له‌و ڕزق و ڕۆزیه‌ی كه په‌روه‌ردگار پێی به‌خشیوون وه سوپاسی خوای گه‌وره‌شی له‌سه‌ر بكه‌ن [ بَلْدَةٌ طَيِّبَةٌ ] شار‌و وڵاتێكی خۆش له‌به‌ر زۆری دار‌و به‌رهه‌م و خۆشى ئاوهه‌وایان ته‌نانه‌ت وتراوه مێش و مه‌گه‌زو كێچ و ئه‌و شتانه‌شیان نه‌بووه، (ئافره‌تیان به ژێر داره‌كاندا تێده‌په‌ڕى و سه‌به‌ته‌كه‌ى له بان سه‌رى بوو به‌بێ ئه‌وه‌ى خۆى به‌رهه‌م و میوه لێبكاته‌وه سه‌به‌ته‌كه‌ى پڕ ده‌بوو له زۆرى و چڕى به‌رهه‌م و میوه‌كان خۆیان به‌رده‌بوونه‌وه) [ وَرَبٌّ غَفُورٌ (١٥) ] وه په‌روه‌ردگارێكی زۆر لێخۆش‌بوو بۆ تاوانه‌كانتان.