سوورەتی (نوح صلى الله علیه وسلم )
پێناسەیەكى سورەتەكە:
١- سورەتى (نوح صلى الله علیه وسلم ) سورەتێكى مەككى یە.
٢- ژمارەى ئایەتەكانى سورەتى (نوح صلى الله علیه وسلم ) (٢٨) ئایەتە.
٣- سورەتى (نوح صلى الله علیه وسلم ) زنجیرەى حەفتاو یەكەمە لە ریزبەندى لەناو سورەتەكانى قورئانى پیرۆزدا.
٤- سورەتى (نوح صلى الله علیه وسلم ) لە دواى سورەتى (نەحل) دابەزیوە.
تەوەرەكانى ئەم سورەتە:
سورەتى (نوح صلى الله علیه وسلم ) هەروەك سورەتە مەككییەكانى تر زۆرترین تەوەرو باسەكانى بریتییە لە باسكردنى بابەتەكانى عەقیدەو بیروباوەڕو جێگیركردنى بنەماكانى باوەڕ، وە هەروەها بەشێوەیەكى دوورو درێژ باسی چیرۆك و بەسەرهاتى پێغەمبەر نوح دەكات صلى الله علیه وسلم ، لەسەرەتاى بانگەوازەكەیەوە تا هاتنى تۆفان و لافاوەكەو نقوم بوونى بێ باوەڕانى قەومەكەى.
بِسْمِ اللَّهِ الرَّحْمَنِ الرَّحِيمِ
بەسەرهاتى نوح پێغەمبەر صلى الله علیه وسلم و قەومەكەى
[ إِنَّا أَرْسَلْنَا نُوحًا إِلَى قَوْمِهِ ] بەدڵنیایی ئێمە نوحمان صلى الله علیه وسلم نارد بۆ لای نەتەوەكەی خۆی كە یەكەم رەسول بووە خوای گەورە ناردوویەتی، وە نۆسەدو پەنجا ساڵ بانگەوازی نەتەوەكەی كردووە [ أَنْ أَنْذِرْ قَوْمَكَ ] بە نوحمان صلى الله علیه وسلم فەرموو تۆ ئاگاداری قەومەكەت بكەرەوەو بیانترسێنە [ مِنْ قَبْلِ أَنْ يَأْتِيَهُمْ عَذَابٌ أَلِيمٌ (١) ] پێش ئەوەی سزایەكی بەئێش و ئازاریان بۆ بێت لەلایەن خوای گەورەوەو سزایان بدات وەكو تۆفان و زریانەكە، یاخود بە سزای ئاگر.