[ قَالُوا يَا أَيُّهَا الْعَزِيزُ إِنَّ لَهُ أَبًا شَيْخًا كَبِيرًا ] وتیان: ئه‌ی عه‌زیزی میصر باوكێكی پیره‌مێردی به‌ساڵاچووى ته‌مه‌ن گه‌وره‌ى هه‌یه ناتوانێ به‌بێ ئه‌م كوڕه بژێت [ فَخُذْ أَحَدَنَا مَكَانَهُ ] یه‌كێك له ئێمه له جێی ئه‌و دابنێ و له‌لای خۆت به‌ندى بكه [ إِنَّا نَرَاكَ مِنَ الْمُحْسِنِينَ (٧٨) ] ئێمه ئه‌بینین تۆ كه‌سێكی چاكه‌كاری به‌رامبه‌ر به هه‌موو خه‌ڵك، وه به‌تایبه‌تی به‌رامبه‌ر ئێمه‌ش ئه‌م چاكه‌یه‌شمان له‌گه‌ڵدا بكه‌و ئه‌و برایه‌مان بده‌ره‌وه برایه‌كی ترمان له‌لات جێ دێلین.